پاش بڕیارەکەى وەزارەتى سامانە سروشتییەکان بۆ ئازادکردنى هاوردەکردنى بەنزین لەناوەڕاست و خوارووى عێراقەوە بۆ هەرێمى کوردستان، نرخى بەنزین بە هەموو جۆرەکانییەوە دادەبەزێت.
رامیار رزگار، وتەبێژى بازاڕى سووتەمەنى لە پارێزگاى سلێمانى ڕایگەیاند، “بڕیارى وەزارەتى سامانە سروشتییەکان لەبارەى سووتەمەنى و بەتایبەت بەنزین بۆ رێگەپێدان بووە بە هاوردەکردنى لەناوەڕاست و خوارووى عێراق بۆ هەرێمى کوردستان، ئەم بڕیارە نرخى سووتەمەنى بەگشتى دادەبەزێنێت”.
وتیشى، “ئەو بەنزینەى لە عەمبارەکان هەیە، بە نرخى گران کڕدراوە، بۆیە ئەو بەنزینەى لەناوەڕاست و خوارووى عێراق دەهێنرێت بۆ هەرێمى کوردستان لە 10 رۆژ بۆ دوو هەفتەى داهاتوو، نرخى بەنزین بۆ یەک لیتر لەنێوان 50 بۆ 100 دینار دادەبەزێنێت”.
ئەوەشى دووپاتکردەوە، کە بڕیارەکەى وەزارەتى سامانە سروشتییەکان تەنیا بۆ بەنزین نییە و بۆ سەرجەم بەرهەمە نەوتییەکانە کە پێشتر قەدەغەکرابوو لە عێراقەوە بهێنرێت بۆ هەرێمى کوردستان، ئەمە کاریگەرى لەسەر دابەزینى نرخى نەوتى سپى و گازوایلیش دەبێت.