حاڵەتێكی تری تای خوێنبەربوون لە سلێمانی لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە راگەیەنرا.
ئەمڕۆ چوارشەم 26ی حوزەیران، سەركار سورچی گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، پیاوێك /33 ساڵ/ كە لە سلێمانی نیشتەجێیە، تووشی تای خوێنبەربوون بووە.
روونیشی كردەوە، ئەو كەسە كاری ئاژەڵداری بووە و لەژێر چارەسەری پزیشكیدایە و دۆخی تەندروستیی جێگیرە.
ئەمساڵ لە كوردستان تەنیا چوار حاڵەتی تای خوێنبەربوون تۆمار كراوە، كە لەو ژمارەیە یەك كەس گیانی لە دەست داوە.
تای خوێنبەربوون، نەخۆشییەكە لە رێی ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، بەڵام رێژەیەكی كەم لە تووشبووانی ئەم نەخۆشییە، گیان لە دەست دەدەن.