شەریفە ئای، ژنێکی تەمەن 92 ساڵانە و دانیشتووی شارۆچکەی ئۆرمانلیەیە لە ناوچەی قەرەدەنیز لە باکووری تورکیا، کاتێک خورما و زەیتوونی خواردووە لەگەڵیدا ناوکەکەشی قووتداوە، بەوهۆیەوە لە گەدە و ریخۆڵەیدا رەق بووە و بۆ ماوەی چەند رۆژێک بەدەست ئازارێکی زۆرەوە ناڵاندوویەتی.
دوای رەوانەکردنی بۆ نەخۆشخانە، دەرکەوت هەندێک لە ناوکی خورما و زەیتوونەکان لە ریخۆڵەیدا بوونە بە بەردێکی چوار سانتیمەتری و ریخۆڵەشی بەو هۆیەوە گیراوە و بریندار بووە.
لەلایەن تیمێکی پزیشکییەوە نەشتەرگەری بۆ کرا و توانرا 28 ناوکە خورما و 35 ناوکی زەیتوون و بەردێکی 4 سانتیمەتری و پێنج بەرد بە قەبارەی 5 بۆ 6 سانتیمەتر لە گەدە و ریخۆڵەیدا دەربهێنرێت، لەدوای نەشتەرگەرییەکەش شەریفە بەڵێنیدا کە جارێکی تر تەنانەت تۆوی گوڵەبەڕۆژەش نەخوات.