ڕۆژنامەی واشنتن پۆست لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویكردهوه، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردو لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕوسیا قسەی کردوە و باسیان لە شەڕی ئۆکرانیا کردوە، سهرۆكی ههڵبژێردراوی ئهمریكا داوای لە هاوتا ڕوسییهكهی کردوە کە شەڕی ئۆکرانیا پەره پێنهدات.
ڕۆژنامەی واشنتن پۆست بە پشت بەستن بە کەسانی ئاشنای ئەو گفتوگۆیە ڕایگەیاندوە، ترەمپ بونی گەورەی سەربازی ئەمریکای لە ئەوروپا بەبیر پوتن هێناوەتەوە، هاوكات ئارەزوی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەنجامدانی دانوستانی زیاتر بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆزینەوەی “چارەسەرێک بۆ شەڕی ئۆکرانیا بەمزوانە”.
ستیڤن چیونگ، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی ترەمپ، کاتێک پرسیاری لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە کرد، وتی، “ئێمە لێدوان لەسەر پەیوەندییە تایبەتییەکانی نێوان سەرۆک ترهمپ و سەرکردەکانی دیکەی جیهان نادەین”.
لایخۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، پێشتر ئاگادارییەکیان لە پەیوەندییەکەی نێوان ترەمپ و پوتن پێنەگەیشتوە و بەوهۆیەوە ناتوانن پشتیوانی یان ناڕەزایەتی دهرببڕن.
ڕاپۆرتە میدیاییەکان باس لەوە دەکەن، کە ترەمپ ڕۆژی چوارشەممە (6ی 11ی 2024) لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیاش قسەی کردوە و ڕایگەیاندوە کە پاڵپشتی کیێڤ دەکات.
جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا دوێنێ یەکشەممە ڕایگەیاند، کۆشکی سپی بەنیازە پاشماوەی ئەو شهش ملیار دۆلارە خەرج بکات کە بۆ پاڵپشتیکردنی ئۆکرانیا پێش دەستبەکاربونی ترەمپ وەک سەرۆکی ئۆکرانیا لە مانگی یەکی ئەمساڵدا تەرخانکراوە، هۆشداریشیدا لە مەترسییەکانی سەر جیهان لە کۆتاییهێنان بە پشتیوانییەکانی ئەمریکا بۆ کیێڤ.
سولیڤان باسی لهوهشكردوه، سەرۆک جۆو بایدن لە میانی کۆبونەوەکەیاندا ڕۆژی چوارشەممە لە ئۆفیسی ئۆڤاڵ، لەگەڵ ترەمپ، گرنگترین پرسەکانی سیاسەتی دەرەوە لەگەڵ ترەمپ تاوتوێ دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبونەوەکە دەبێتە دەرفەتێک بۆ بایدن “دیدگای خۆی بۆ بابەتەکان و هەڵوێستی خۆی لەسەریان بۆ سەرۆک ترهمپ ڕون بکاتەوە”، هەروەها گفتوگۆکردن لەسەر “چۆن سەرۆک ترهمپ مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسانە دەکات کاتێک دەستبەکار دەبێت”.
بەوتەی سولیڤان، ئامانجی سەرەکی ئیدارەی بایدن لە مانگەکانی کۆتاییدا بریتییە لە سهرنج “خستنە سەر ئۆکرانیا لە بەهێزترین پێگە لە بەرەکانی شەڕدا بۆ ئەوەی لە بەهێزترین پێگەدا بێت لەسەر مێزی دانوستان”.
بایدن سەرکردایەتی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی کرد بۆ پاڵپشتیکردنی ئۆکرانیا لە بەرامبەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ڕوسیا، هەوڵێک کە دوای دەستکەوتە سەربازییەکانی ڕوسیا و پەرەسەندنی کەمیی هێزی ئۆکرانیا گەیشتوەتە قۆناغێکی هەستیار.
لە لایەکی دیکەوە ترەمپ جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەتوانێت لە “یەک ڕۆژدا” کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت، تەنانەت پێش دەستبەکاربونی، بەو گریمانەیەی کە ئەوە لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکەوە ئەنجام بدرێت کە پێویستە کیێڤ بەشێک لە خاکەکەی بداتە مۆسکۆ.
هاوکات وڵاتانی ئۆکرانیا و ئەوروپی لە ناتۆ لە پێشبڕکێدان بۆ داڕشتنی پلانی خۆیان بۆ جیهانێک کە تیایدا سەرۆکی ئەمریکا کەمتر پشتیوانی کیێڤ و هاوپەیمانییەکە بکات و زیاتر لە ڕوسیا نزیکتر بێت.
سەرۆک پوتن داوای کردوه ئۆکرانیا وەک پێشمەرجێک بۆ دانوستانەکانی ئاشتی ڕوبەرێکی فراوانی خاکی وڵاتەکەی ڕادەست بکات، لە کاتێکدا کیێڤ بە توندی ئەوەی ڕەتکردەوە.