زیاتر له 78 ملیۆن ئهمریكی له دهنگدانی پێشوهخته دهنگیان داوهپهیام
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە کاتژمێر 7ی بەیانی بەکاتی ئەمریکا و کاتژمێر 2ی پاشنیوەڕۆ بەکاتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و بڕیارە 47یەمین سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردرێت.
ئهمڕۆ 5ـی تشرینی دووەمی 2024، دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا دەستپێدەکات و زیاتر لە 230 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا نزیکەی 186 ملیۆن کەس ناوی خۆیان بۆ دەنگدان تۆمارکردووە و نزیکەی 130 هەزار ناوەندیش لە سەرتاسەری وڵاتەکە بۆ دەنگدەران تەرخانکراوە.
لە هەڵبژاردنی پێشوەختە زیاتر لە 75 ملیۆن دەنگدەر بەشدارییان لە هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەمەریکا کردووە و ئەمڕۆ کۆتایی هەڵبژاردنەکە دەبێت بۆ ئەوەی 47ـەمین سەرۆکی ئەمەریکا هەڵبژێردرێت.
کۆماری و دیموکراتەکان، دوو پارتە سەرەکییەی گۆڕەپانی سیاسیی ئەمەریکان، زیاتر لە 170 ساڵە سەرۆکەکانی ئەو وڵاتە لەسەر پشکی یەک لەو دوو پارتە سەرەکییە چوونەتە کۆشکی سپی و تا ئێستاش هەژموونی ئەو دوو پارتە لەسەر سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی ئەمەریکا بەردەوامە.
لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆکی وڵاتەکەدا ، 435 ئەندامەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکاش هەڵدەبژێردرێن، هەروەها لە کۆی 100 ئەندامی ئەنجوومەنی پیران 34یان هەڵدەبژێردرێن.
بەپێی ڕاپۆرتەکان لە کۆی نزیکەی 244 ملیۆن دەنگدەر، هەتا ئێستا زیاتر 78 ملیۆن لە هەڵبژاردنی پێشوەختدا دەنگی خۆیان داوە. دەنگدانی پێشوەخت دەکرێت لە ڕێگەی پۆستەوە بکرێت یان دەنگدەر بچێت بۆ یەکێک لەو بنکانەی پێشوەخت لە ناوچەکەی لە چەند ڕۆژێکی دیاریکراو پێش ڕۆژی دەنگدانی سەرەکی دەکرێنەوە.
لە 50 ویلایەتەکەی ئەمەریکا تەنیا لە 3 ویلایەت نیو هامشەر و ئەلەباما و میسیسیپی ڕێگە نادرێت دەنگدەر پێشوەخت بچێت دەنگ بدات، بەڵکو تەنیا ڕێگە دەدەن لە ڕێگەی پۆستەوە دەنگبدرێت و ئەویش بۆ ئەو دەنگدەرانەی هۆکارێک هەیە وەهایان لێدەکات نەتوانن لە ڕۆژی دەنگدانەکە دەنگی خۆیان بدەن.
هەرچەندە لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا زیاتر باس لە کاندیدەکانی سەرۆکایەتی دەکرێت، بەڵام هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرێسیش گرنگی خۆیان هەیە.