وەزیری گەیاندنی عێراق ڕایگەیاند، تورکیا ئەنجومەنێکی چوار قۆڵی پێكهێناوە کە عێراق و هەنگاریا و بولگاریا لەخۆدەگرێت بۆ ئەوەی ڕێگە خۆشبکات بۆ بەستنەوەی “ڕێگەی گەشەپێدان” بە ئەوروپاوە، هەروەها دەشڵێت، “100% دیزاینی سەرەتایی بۆ هێڵی ئاسنین و 84%ی دیزاینی بەرایی رێگای خێرای پرۆژەكە تەواو بوە”.
رەزاق محێبس، وەزیری گەیاندنی عێراق ئەمڕۆ شەممە بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقی ڕاگەیاند، بەمەبەستی ئامادەكاری بۆ بەستنەوەی پرۆژەی “رێگای گەشەپێدان” بە ئەوروپاوە، توركیا ئەنجومەنێكی چوارقۆڵی پێكهێناوە لەگەڵ عێراق، هەنگاریا و بولگاریا، هەروەها دەرگا كراوەیە بەڕوی هەر دەوڵەتێكدا كە بیەوێت بێتە ناو پرۆژەكەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، دیزاینی سەرەتایی بۆ هێڵی ئاسنین لە چوارچێوەی پڕۆژەی “ڕێگای گەشەپێدان” گەیشتوەتە 100% و وەزارەت دەستی بە دیزاینی کۆتایی کردوە، رێژەی 84%ی دیزاینی سەرەتایی رێگای خێرای پرۆژەكە تەواو بوە و پشكنین بۆ روبەری زیاتر لە هەزار كیلۆمەتر خاك كراوە.
وەزیری گەیاندنی عێراق باسی لەوەشكرد، “گفتوگۆ و لێكۆڵینەوەكانی داهاتو نەخشەرێگای سیستماتیكی پرۆژەكە پێدەگەیەنێت، كە وێستگەی یەكەمی بە بەندەری فاو دەستپێدەكات و بە دڵی زیندوی رێگای گەشە دادەنرێت و كاركردن لە پێنج ناوچەی بەندەرەكە بەرێژەی 100% تەواو بوە و ئاستی كاركردن لە بەشەكانی دیكەی بەندەرەكە گەیشتوەتە 75%”.
ئەوەشی خستەڕو، وێستگەیەكی دیكەی پرۆژەكە بەستنەوەیەتی بە توركیاوە تا دەگاتە ئەوروپا، كە لایەنی توركی بابەخێكی گەورەی بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكە نیشانداوە.