جۆن بۆڵتن، ڕاوێژکاری پێشوی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان قبوڵ ناکات ئەگەر بدۆڕێت.
جۆن بۆڵتن ئەمڕۆ شەممە لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن-ی ئەمریکی ڕایگەیاند، باوەڕناکات دۆناڵد ترەمپ ئەنجامی هەڵبژاردنەکان قبوڵ بکات ئەگەر بدۆڕێت، داوای كرد ئامادەکاری بۆ ئەو بابەتە بكرێت ئەگەر کامالا هاریس کاندیدی دیموکراتەکان سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، “پێموایە پێویستە هەموان ئامادەبن، چونکە ترەمپ هەرگیز نادۆڕێت، ئەگەر دۆڕا ئەوا پۆستی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە بە دزراو دەزانێت و کارەکە قورس دەبێت”.
ڕاوێژکاری پێشوی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا باسی لەوەشكرد، ڕەنگە ترەمپ “زو سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکاندا ڕابگەیەنێت”، بۆیە پێویستە ئامادەكاری بۆ ئەوەش بكەن.
ئەوە لە كاتێكدایە دۆناڵد ترامپ پێشتر چەند جارێك ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی خستوەتە ژێر پرسیارەوە، مانگی ڕابردو لە وتارێکیدا لە ویلایەتە سەرەکییەکانی میشیگان و ویسکۆنسێن و پێنسیلڤانیا بانگەشەی ئەوەی كرد سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.