لەگەڵ سەردانەکەی سوودانی بۆ پارێزگای دیالە بە دەیان دەرچووی زانکۆ ڕژانە سەر شەقامەکانی سەنتەری شاری بەعقوبە و داوای دامەزراندنیان کرد، لەبەرامبەردا هێزە ئەمنییەکان بڵاوەیان پێکردن.
میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە: ژمارەیەک لە دەرچووانی زانکۆ لە نزیک شەقامی پارێزگا لە سەنتەری شاری بەعقوبە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان ڕێگرییان لێکردن لەبەردەم باڵەخانەی حکومەتی خۆجێی دیالە خۆپیشاندان بکەن.
خۆپیشاندەران جەختیان لەوە کردەوە، ئەوان بە ئاشتییانە تەنیا داوای دامەزراندن لە کەرتی گشتیی بەپێی بڕوانامەکانیان دەکەن، یاخود هەلی کاریان بۆ دابین بکەن لە کەرتی تایبەتدا.
ەگەڵ سەردانەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ پارێزگای دیاله بەمەبەستی کردنەوەی چەند پرۆژەیەک، هێزە ئەمنییەکان ڕێوشوێنی زۆر توندیان گرتەبەر.