شڵپەشڵپ بۆ شلوێکردنی گۆمەکە؛ بە مۆدێلى شەڕى کرێگرتەکان
هونەر حسین علی – چالاکوان
شەڕەکانی دونیای ئەمڕۆ، چ شەڕی فیزیکی بن، چ شەڕی ئایدۆلۆجی و ململانێی زلهێزەکان، زۆربەیان گۆڕاون بۆ مۆدێلی کرێگرتەیی و شەڕی (proxy).
جاران گەورە دەوڵەتێکی وەکوو ئەمریکا، ناچار بوو بە سەربازی (دەوڵەتیی) خۆی لە بەرەکانی جەنگدا رووبەڕووی بەرانبەرەکانی ببێتەوە، ڤێتنام نموونەیەکی زیندووی ئەو دۆخەیە؛ بەڵام لە حاڵی ئێستادا ئەگەر جەنگی ئۆکراینا وەک نموونە وەربگرین، لە رووکەشدا جەنگەکە لەنێوان رووسیا و دەوڵەتی ئۆکراینایە، بەڵام لە بەرەی رووسیا ئەوەی شەڕڤانی راستەقینەیە، زۆربەی “ڤاگنەر” و مورتەزەقەی بیلاڕووسی و چیچانی و ئەساسینەی دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ئەورووپان، لە بەرەی ئۆکرایناش، بە سەدان شەڕکەری بەکرێگیراو، بە مووچەی مانگانەی (٣٠٠٠) هەزار دۆلار، سەرقاڵی شەڕی دژە ڕووسیان. ئەم دیاردە خراپەی شەڕی وەکیلگیریی، وەکوو پەتا کوشندەکانی دیکەی ڕۆژئاوا و هەموو مۆدێلە خراپەکانی دیکەی ئەوێندەر، لە فۆڕمێکی تردا گوێزراوەتەوە نێو فەزای گشتیی سیاسەت لە هەرێمی کوردستانیش، بەنموونە جاران یان ئۆپۆزسیۆنمان نەبوو، یان ئەگەریش دروست دەبوو، گرێدراوی هیچ گرووپێکی تری لەخۆی گەورەتر نەبوو، بەڵام ئێستا پارتخێڵە حکومڕانەکان، خاوەنی پارتی پڕۆکسیی لەخۆیان بچووکترن، کە لەژێر پەردەی حزبی ناڕازیی ئۆپۆزاسیۆندا، لەناو کانیاوی جەماوەریی خەڵکی ناڕازیدا خۆیان وەک نمایندەی چینی بەشمەینەتی کوردستان نیشان دەدەن، لەو ڕێگەیەوە دەنگی بەشێکی باشی خەڵكی ناڕازی دەبەن، هەر ئەوەندە هەڵبژاردنیش تەواو بوو، ئیدی گرێبەستەکە تەواو دەبێت و ئاسەوارێکیان لەپاش بەجێ نامێنێ.
ئەوەی باسمان کرد، دیوێکی مەترسییەکەیە، دیوەکەی تری ئەم کرێگرتەییە، کە مەترسیدارترینیانە، ئەویش دروستکردنی مێدیای سێبەر و رۆژنامەنووسی گرێدراو بە ئەجەندای دەسەڵاتە، بەجۆرێک لە ئێستادا گۆمەکە بەجۆرێک شلوێ بووە، جیاکردنەوەی قەڵەمی باش لە قەڵەمی وەکیل زۆر زەحمەت بووە، یانی دەلیڤە و دەروازەکانی ڕەخنە، تەنها بۆ کرێگرتەکانی خۆیان ڕێپێدراو و قۆرخە. خۆ ئەگەر بڵێین کەناڵە مێدیاییەکانی خۆیان ڕەخنە ناگرن ڕەنگە ڕاست نەبێت، بەڵام لەڕاستیدا گەرەکیانە ڕەخنەگر و ڕەخنەلێگیراو هەر خۆیان بن، بۆ ئەوەی ژێدەرەکانی ڕەخنە هەم کۆنترۆڵ بن و هەمیش چەواشەکاریی پەرە بسەنێت، تۆ وەها وێنا بکە ئەو سەرقاپەی کە کەناڵەکانی خۆیان لەسەر کەیسەکانی دەرمان و نەوت و گەندەڵییەکانی بەشینەوەی زەوی نادیاریی داهاتی نەوت، هەڵیدەدەنەوە، ڕۆژنامەنووسێکی ئەهلیی بێلایەن بیانورووژێنێت! بێگومان ئەنجامەکەی ڕوونە کە ناچار بە دەربەدەری و پەڕاگەندەیی وڵاتانی دەکەن. نموونەی ئەو کەسانەشمان کەم نین کە چەندین ساڵە دۆخی مەوجوودیان جێهێشتووە و ناتوانن بە وڵاتی خۆیان شاد ببنەوە.
ھونەر حسێن