ئەمڕۆ چوارشەممە وەزیری دارایی تورکیا، محەمەد شیمشەک سەردانی قەتەر و کوێت دەکات کە لە میاندا زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسان و وەبەرھێنەرانی ئەو دوو وڵاتە، ئەنجام دەدات.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە ئاژانسی ئانادۆڵو لە وەزارەتی گەنجینە و دارایی تورکیا دەستی کەوتوون، ئەمڕۆ محەمەد شیمشەک سەردانی دۆحە دەکات و لە میانیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، محەمە بن عەبدولڕەحمان ئال سانی کۆدەبێتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت، وەزیری دارایی تورکیا لە میانی سەردانەکەی بۆ دۆحە لەگەڵ وەزیری دارایی قەتەر، عەلی بن ئەحمەد کواری و سەرۆکی جێبەجیکاری دەزگای قەتەر بۆ وەبەرھێنان، مەنسور ئیبراھیم مەحمود کۆببێتەوە.
ھەروەھا وەزیری دارایی تورکیا، محەمەد شیمشەک لە چوارچێوەی بەرنامەیەکدا کە لەلایەن نووسینگەی وەبەرھێنانی سەربە سەرۆکایەتی کۆماریی تورکیا لە دۆحە ساز دەکرێت، چاوی بە ژمارەیەک وەبەرھێنەر دەکەوێت.
دواتر وەزیری دارایی تورکیا دوای کۆتایی ھاتنی دیدار و کۆبوونەوەکانی لە دۆحە، سەردانی کوێت دەکات و لە میانیدا لەگەڵ وەزیری دارایی و وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ئابووری و وەبەرھێنانی کوێت، نورا سلێمان سالم کۆدەبێتەوە.
ھەروەھا محەمەد شیمشەک لە میانی سەردانەکەی بۆ کوێت لەگەڵ سەرۆکی جێبەجێکاری دەستەی گشتی وەبەرھێنانی کوێت، غانم سلێمان غونەیمان و ژمارەیەک وەبەرھێنەرانی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.