کۆبوونەوەیەکی وەزاریی بۆ هاوپەیمانیی جیهانی دژی داعش لە واشنتۆن بەڕێوە چوو، لەوچوارچێوەیەدا، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، پێشوازیی لە فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کرد.
ئەنتۆنی بلینکن، ئاماژەی بەوەدا کە هاوپەیمانییەکە 10 ساڵ لەمەوبەر پێک هێنراوە و دەستکەوتەکانی لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە عێراق و سووریا بەدەست هێناوە، بەڵام هێشتا ڕووبەڕووی ڕێکخراوێک دەبێتەوە کە هەوڵ دەدات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و ئاسیا خۆی ڕێک بخاتەوە.
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ئیدارەی جۆو بایدن، ڕێککەوتنێکی لەگەڵ حکوومەتی عێراق ڕاگەیاند، بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانان لە عێراق تا ساڵی داهاتوو.
هەر سەربارەت بەو بابەتە، هێزەکانی ئەمەریکا هەندێک بنکە بەجێ دەهێڵن کە ماوەیەکی زۆرە لە عێراق دەستیان بەسەردا گرتووە، بەڵام ئیدارەی ئەمەریکا ڕەتیکردەوە وردەکارییەکانی ژمارەی سەربازە ئەمەریکییەکان ئاشکرا بکات، کە دەمێننەوە، چونکە ئێستا 2500 سەربازییان لە عێراق و 900 سەربازیان لە سووریا هەیە.
ساڵانێکە بەرپرسانی عێراق داوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان دەکەن، دانوستانە فەرمییەکان بۆ کۆتایهێنان بە هێزەکانی ئەمەریکا چەند مانگێکە بەردەوامە.
بەرپرسە ئاگادارەکانی ئەمەریکا لەسەر ئەو پرسە بە ڕۆژنامەنووسانیان ڕاگەیاندووە، ڕێککەوتنەکە بە دوو قۆناغ دەبێت، کە لەم مانگەوە دەستی پێ کردووە.
لە قۆناغی یەکەمدا، تا ئەیلولی 2025 بەردەوام دەبێت، بڕیارە ئەرکی هاوپەیمانی دژە داعش کۆتایی پێبێت و هێزەکان هەندێک بنکە بەجێبهێڵن.
لە قۆناغی دووەمیشدا، بڕیارە ئەمەریکا تا ساڵی 2026 لە عێراقەوە بەردەوام بێت، لە چالاکییەکانی بۆ پاڵپشتیکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی دژە داعش لە سووریا. بە گوتەی بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی بایدن و بەرپرسێکی باڵای بەرگری، کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت بە ڕۆژنامەنووسانیان گوت: لە کۆتاییدا نوێنەرایەتیی سەربازیی ئەمەریکا دەگۆڕێت بۆ پەیوەندییەکی ئەمنی دووقۆڵی، بەڵام ئاماژەیان بەوە نەدا کە هێزە ئەمەریکییەکان کە لە داهاتوودا لە عێراق دەمێننەوە یان نا.