جێگری ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا دوای کوژرانی سەرکردەی حیزبەکەیان سەرەخۆشی لە عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران دەکات و دەڵێت، لە نزیکترین کاتدا شوێنگرەوەی نەسروڵڵا هەڵدەبژێرن.
ڕۆژی 28-9-2024، سوپای ئیسرائیل کوژرانی حەسەن نەسروڵڵای لە هێرشێکدا بۆ سەر باڵەخانەیەک لە بەیرووت ڕاگەیاند، دوای چەند کاتژمێرێکیش کوژرانی سەرکردەکەیانی پشتڕاست کردەوە.
نەعیم قاسم، جێگری ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا دەنگۆی کوژرانی 20 سەرکردەی حیزبوڵڵای لە میانی هێرشەکەی ئیسرائیل و بە ئامانجگرتنی نەسڕوڵڵا ڕەتکردەوە و
ڕاشیگەیاند: ڕووبەڕووی هەر جۆرە هێرشێکی زەمینی دەبینەوە کە لەلایەن ئیسرائیلەوە بکرێتە سەر خاکی لوبنان.
بەگوتەی جێگری ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا: “هێزەکانی مقاوەمە بەردەوام دەبن لە دژایەتیی ئیسرائیل و درێژە بە ڕێگای نەسروڵڵا دەدەین، حیزبوڵڵاش بەردەوام دەبێت لەسەر ئامانجەکانی و لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل بۆ پاڵپشتیکردنی غەززەش دەست لە هەڵوێستەکانمان هەڵناگرین”.
دەشڵێت : “شەڕەکە درێژخایەن دەبێت و بژارەکانیش کراوەن بۆ ئێمە و ڕووبەڕووی هەر ئەگەرێک دەبینەوە”.