ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە حزبوڵای لوبنانی بە ژمارەیەک موشەکی فادی یەک بۆردومانی ناوچەی (کاپری) لە باکوری ئیسرائیل کردوە.
هاوکات، کەناڵی ئەلمەنار-ی نزیک لە حیزبوڵای لوبنانی بڵاویکردەوە، ئیسرائیل هێرشیکردوەتەسەر ناوچەکانی (ئەلکفعەت، ئەلحەداس، ئەللیکی، ئەلشوێفات و بورج ئەلبەراجنە).
لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هەڵمەتێکیان بۆ ناوچە جیاوازەکانی باشوری بەیروت دەستپێکردوە و باڵەخانەیەکیان بۆردومانکردوە کە چەکدارانی حیزبوڵا موشەکی دژە کەشتییان تێدا حەشارداوە.
داواشی لە دانیشتوانی گەڕەکەکانی (ئەللیکی و ئەلحەداس) کردوە کە چۆڵی بکەن، چونکە ئەوان لە نزیک بەرژوەندییەکانی حیزبوڵان.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە سوپای ئیسرائیل توانیویەتی هەریەک لە محەمەد عەلی ئیسماعیل، سەرۆکی یەکەی موشەکی حیزبوڵا و حسێن ئەحمەد ئیسماعیل جێگری، هاوکای ئیبراهیم محەمەد قەبیسی کە یەکێکە لە بەرپرسە باڵاکانی سیستەمی موشەکی لە حیزبوڵا لە هێرشی ئاسمانیدا بکوژێت.
هەر لەچوارچێوەی گرژییەکانی نێوان حیزبوڵای لوبنان و سوپای ئیسرائی، وەزارەتی تەندروستی لوبنان رایگەیاند، نەخۆشخانەکانی باشوری بەیروت لەدوای هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل چۆڵکراون و ناتوانن هیچ حاڵەتێکی فریاگوزاری خێرا وەربگرن.
جۆزێف بۆرێل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، هیچ هێزێک بە ئەمەریکاشەوە ناتوانێت ئیسرائیل رابگرێت، چونکە رون و ئاشکرایە کە ئیسرائیلییەکان ناوەستن تا حیزبوڵا لەناودەچێت، چۆن نزیکەی ساڵێکە لە دژی بزوتنەوەی حەمماس وەستاونەتەوە بەو شێوەیەش دژی حیزبوڵای لوبنان شەڕ دەکەن.
هەر لەچوارچێوەی کاردانەوەکان بۆ راگرتنی شەڕی نێوان حیزبوڵا و سوپای ئیسرائیل، ئەنتۆنی بلینکین وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا داوای ئاگربەستی لە لوبنان کرد، بەڵێنیشیدا وڵاتەکەی بەچڕی کاربکات بۆ گەیشتنی هەمو لایەنەکان بە ئاگربەست.