زیاتر لە 200 هەزار لوبنانی ئاوارە دەبن
کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران: لە مانگی 10ی ساڵی 2023 تاوەکو ئێستا، نزیکە 211 هەزار کەس لە باشووری لوبنانەوە ئاوارە بوون، لەو ژمارەیەش زیاتر لە 118 هەزاریان لەم هەفتەیەدا بووە.
بۆردوومانی بەردەوامی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان و بە ئامانجگرتنی سەرکردەکانی حیزبوڵڵا وای لە ژمارەیەکی زۆر دانیشتووانی ئەو وڵاتە کردووە ناوچەکانی شەڕ بەجێ بهێڵن، پێشبینی دەکرێت ژمارەی ئاوارەکان بەرزتر ببێتەوە بە تایبەت دوای هێرشە چڕەکانی دوێنێ هەینی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت.
ئیڤۆ فریسن، نوێنەری کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەران لە لوبنان ڕایگەیاند: هێرشە ئاسمانییە بەردەوامەکانی ئیسرائیل دەیان هەزار کەس لە باشووری بەیرووت بەرەو ناوچە ئارامەکان ئاوارە دەکات.
سێشەممەی ڕابردوو عەبدوڵڵا بو حەبیب وەزیری دەرەوەی لوبنان لە نیویۆرک ڕایگەیاند: ژمارەی ئاوارەکان لە لوبنان پێش هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل گەیشتووەتە نزیکەی 110 هەزار کەس، ئێستا لەوانەیە ژمارەیان نزیک ببێتەوە لە نیو ملیۆن کەس”.