عێراق و تورکیا جەخت لە هەماهەنگی لە بواری پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان و هەماهەنگی ئەمنی و پاراستنی سنوورەکان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەکەن.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە نیویۆرک لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە.
پێنجشەممە 26-9-2024 نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند: لە میانی دیدارەکەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ کران، هاوکات پێداچوونەوە بە ئەنجامی کۆبوونەوەکانی ئەو لیژنانە کرا، کە بۆ جێبەجێکردنی ئەو یاداشتە لێکتێگەیشتنانە پێکهێنراون، کە لە سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ بەغداد لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوودا ئەنجامدران.
سوودانی گرنگی کاری هاوبەش و هەماهەنگیکردن لەسەر پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدانی عێراق و بەدواداچوونی بۆ دەرئەنجامەکانی ڕێککەوتننامە و یاداشتنامەکانی لێکتێگەیشتنی هاوبەش ڕوونکردەوە و ئاماژەی بە هەڵوێستی حکومەت کرد، بۆ سفرکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان و چارەسەرکردنی دۆخی سنوورە هاوبەشەکان، بەپێی ئەو میکانیزمەی کە سنووری لەگەڵ ئێران پاراستووە، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ڕێگە نادرێت خاکی عێراق وەک سەکۆیەک بۆ دەستدرێژی و هەڕەشە کردن بۆ سەر هیچ وڵاتێکی دراوسێ بەکار بهێنرێت.
سەرۆککۆماری تورکیا پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ گەشەپێدانی هاوبەشی ئابووری لەگەڵ عێراق دەربڕی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەشداریکردن لە پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان، بەگوێرەی بنەماکانی دراوسێتی باش و نیازپاکی لەمامەڵەی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ و ئاماژەی بە هەنگاوی هاوبەش کرد، هەروەها باس لەوەشکراوە ئاسانکاری زیاتر بکرێت بۆ پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتیانی هەردوو وڵات لە بواری گەشتیاری.