بڕیارە شاندێکی عێراق سەردانی هەولێر و سبەینێش شاندێکی هەرێم سەردانی بەغدا بکات بۆ پرسەی مووچەی فەرمانبەران.
بە گوێرەی زانیاریەکان،ئەمڕۆ یەکشەممە، شاندێکی وەزارەتی دارایی عێراق سەردانی هەولێر دەکات، ئامانجی هاتنی شاندەکە، تاوتوێکردنی ڕێکارەکانی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پرسی مووچەی هەردوو مانگی هەشت و نۆیە.
هاوکات بڕیارە سبەینێ شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئۆمێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی هەردوو ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان و چارەکردنی یەکجارەکیی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆران؛ سەردانی بەغدا بکات.
ئەمەش لەکاتێکدایە، کە ئەمڕۆ بەغداد بڕی 572 ملیار دیناری خستە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ تەواوکاری مووچەی مانگەکانی حەوت و هەشت.
هاوکات وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند؛ بڕی 91 ملیار و 151 ملیۆن و 784 ههزار دینار وەک پشکی گەنجینەی فیدڕاڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی5ی ساڵی 2024، خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.