حکومەتی سوید، بۆ یەکەمجار لە مێژوی خۆیدا، بڕیاری بەخشینی 350 هەزار کرۆنی سویدی، کە بەرامبەرە لەگەڵ 34 هەزار دۆلار، بە هەر کۆچبەرێک كە ڕازی بێت بە ئارەزوی خۆی بگەڕێتەوە وڵاتەکەی و دەستبەرداری مانەوەی یاسایی ببێت لە سوید.
جۆهان فۆرسێل، وەزیری نوێی کۆچبەرانی سوید، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە هاوبەشی لەگەڵ نوێنەرانی پارتەکانی “تیدۆ” لەمیانی پرۆگرامی پشتیوانی بۆ گەڕانەوەی خۆبەخشانەی کۆچبەران ڕایگەیاند، وڵاتەكەی بڕیاری بەخشینی 350 هەزار کرۆنی سویدی، کە بەرامبەرە لەگەڵ 34 هەزار دۆلار داوە بە هەر کۆچبەرێک كە لەسەر خواستی خۆی بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەكەی و دەستبەرداری مافی مانەوەبێت لەو وڵاتە.
ئاماژەی بەوەشكرد، بڕیارەكە ڕێگە بە خێزانەكانیش دەدات كە هاتونەتە سوید بۆئەوەی بگەڕێنەوە، بەجۆرێک کە هەر تاکێک لە خێزان هەمان بڕە پارە وەردەگرێت.
وەزیری كۆچبەرانی سوید ئاماژەی بەوەشكرد، قەرەبوی ئێستای کۆچبەرێک کە دەستبەرداری مافی نیشتەجێبون یان ڕەگەزنامەی خۆی دەبێت و وڵات بەجێدەهێڵێت، بۆ کەسێکی پێگەیشتوو 970 دۆلار 10 هەزار کرۆنە و بۆ کەسێکی کەم تەمەن پێنج هەزار کرۆنە، بە مەرجێک بۆ هەر خێزانێک لە 40 هەزار کرۆن زیاتر نەبێت.
ئەو بڕیارە لەسەر ڕێنمایی پارتی دیموکراتەکانی سوید دژە کۆچبەرد دەركراوە و لە ١ی (كانونی دوەم/1)ی 2026ەوە بۆ سەرجەم کۆچبەران جێبەجێ دەکرێت.
لەلایەكی دیكەوە ئامارە فەرمییەکانی ناوەندی نیشتمانیی سوید SCB، ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەی کۆچبەران لە سوید تا ساڵی ڕابردو گەیشتوەتە نزیکەی دو ملیۆن و 760 هەزار کەس، واتە 28%ی دانیشتوانی سوید كۆچبەرن، کە زۆربەیان سورین كە نزیكەی 244 هەزار کەس دەبن و لە دوای ئەویش عێراقییەکان، کە ژمارەیان 195 هەزار کەسە.
سەبارەت بە “یارمەتییە داراییەکان” کە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا وەک هاندەرێک بۆ گەڕانەوەی کۆچبەران پێشکەشی دەکەن، گەورەترینیان لە دانیمارکدایە کە بۆ هەر کەسێک زیاتر لە 15 هەزار دۆلار دەدات، دواتر لە فڕەنسا دو هەزار و 800 دۆلار، لە ئەڵمانیا دو هەزار و لە نەرویج هەزار و 400 دۆلارە.