دوای ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوە لە هەولێری پایتەخت، سەرۆککۆماری ئێران سەردانی سلێمانی دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتیی کۆدەبێتەوە.
ڕۆژی پێنجشەممە 12-09-2024 مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران گەیشتە هەولێری پایتەخت و بەجیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی لەلایەک و لەلایەکی دیکە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران بارزانی و جێگرەکانیان و ژمارەیەک وەزیری حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، هەڵوەستە لەسەر پرسە سیاسی، ئەمنیی، دیپلۆماسی، ئابووری و بازرگانییەکان کرا.
کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆ، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران دەگاتە فڕۆکەخانەی سلێمانی و دواتر لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و بەرپرسانی باڵای ئەو حیزبە کۆدەبێتەوە.
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوە، ڕاستەوخۆ بەرەو بەسڕە بەڕێ دەکەوێت و لەوێوە کۆتایی بە سەردانەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەهێنێت.