قاچاخچێتی نەوت لە هەرێمی کوردستان زیادی کردوە و پارتی و یەکێتی مانگانە 200 ملیۆن دۆلار لە بەقاچاخبردنی نەوتی هەرێم قازانج دەکەن، بەرپرسێکی ئەمریکیش دەڵێت: ئەگەر ئەو بازرگانیە کاریگەری لەسەر سزاکانی واشنتۆن بۆ تاران هەبێت ئەوا کاریگەری دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان، ئەمەش بەپێی راپۆرتێک کە ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردوەتەوە.
ئاژانسی رۆیتەرز لە راپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکات، لە دوای ڕاگرتنی هەناردەی نەوت بە ڕیگەی بۆریی، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەقاچاخی بۆ ئێران و تورکیا زیادی کردوە.
وەک لە ڕاپۆرتەکەدا هاتوە ڕۆژانە بە سەدان تەنکەری نەوتهەڵگر لە هەولێر و سلێمانیەوە بە ڕێگا پێچاوپێچەکان و ناوچە شاخاویەکاندا تێدەپەڕن و هیچ تۆمارکردنێکیان لە دەروازە سنوریەکان بۆ ناکرێت.
ئەو تانکەرە نەوتانە ئەرکیان ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی گواستنەوەی نەوتە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئێران و تورکیا و ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە ئاڵوگۆڕی نەوت، کە داهاتی مانگانەیان نزیکەی 200 ملیۆن دۆلار دەبێت و لەبری ئەوەی بچێتە ناو خەزێنەی حکومەتی هەرێمەوە پارەکە لەنێوان پارتی و یەکێتیدا دیزە بەدەرخۆنە دەکرێت و دەچێتە گیرفانی بەرپرسەکانی ئەو دو حیزبەوە لەکاتێکدا خەزێنەی حکومەتی هەرێم بەتاڵە و زیاتر لە 10 ساڵە دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران کێشەی هەیە.
ڕاپۆرتەکەی رۆیتەرز لەسەر بنەمای چاوپێکەوتن لەگەڵ زیاتر لە 20 کەس لە ئەندازیاری نەوت و بازرگان و بەرپرسدا ئامادەکراوە و ئاماژەی بەوەکردوە ڕۆژانە زیاتر لە هەزار تانکەر بە بڕی 200 هەزار بەرمیل نەوت بۆ ئێران و تورکیا دەگوازنەوە.
عاسم جیهاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە ڕۆیتەرزی وتوە، ئەو بازرگانییەی لە هەرێمی کوردستان ڕودەدات ڕەزامەندی حکومەتی عێراقی لەسەر نیە و هیچ ئامارێکیشیان لەوبارەیەوە لەبەردەست نیە، چونکە عێراق تەنها لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆوە نەوت دەفرۆشێت.
لەبارەی هەڵوێستی ئەمریکا سەبارەت بازرگانیکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران و سزاکانی واشنتۆن لەسەر تاران، بەرپرسێکی ئەمریکا ئەوەی ئاشکرا کردوە، وڵاتەکەی هەڵسەنگاندن بۆ ئەو بابەتە دەکات و ئەگەر بازرگانیەکە هەر سزایەکی ئابوری ئەمریکا لەسەر ئێران پێشێل بکات ئەوا ڕەنگە کاریگەری لەسەر پەیوەندیەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان هەبێت.
بە وتەی بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی سامانەسروشتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە لە هەرێم 375 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرێت و لەو ڕێژەیە 200 هەزار بەرمیلی بۆ ئێران و تورکیا دەگوازرێتەوە و باقیەکەی لە ناوخۆی هەرێم ساخ دەکرێتەوە.
زیاتر لە ساڵێک و سێ مانگە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە ڕاگیراوە و پرسەکەش یەکێکە لە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد لەگەڵ کۆمپانیا نەوتیەکان، سەرەڕای ئەوەی ڕاگیرانی هەناردەی نەوت زیانی چەندین ملیار دۆلاری لە عێراق و هەرێم داوە بەڵام پێدەچێت بە پیچەوانەوە پارتی و یەکێتی سودمەندی یەکەم بوبن لەو بابەتە چونکە مانگانە بە سەدان ملیۆن دۆلاریان لەڕێگەی بەقاچاخبردنی نەوتەوە بۆ دەمێنێتەوە.