میدیای فەرمی گۆڕان بڵاویكردەوە، دانا ئەحمەد مەجید رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە ئەمڕۆ لە كۆمەڵێك دیداردا لە پێنجوێن رایگەیاندوە؛ بزوتنەوەی گۆڕان خاوەنی پڕۆژەی سیاسی و نیشتمانی سەربەخۆی خۆیەتی كە لە خزمەتی خەڵك و كوردستاندایە، بە هیمەتی گۆڕانخوازانی دڵسۆز بزوتنەوەی گۆڕان بەهێز دەكەینەوە و داكۆكیكاری راستەقینە دەبین لە ماف و داواكارییەكان و دۆزی رەوای گەلەكەمان.
وتوشیەتی: نوێنەرانی بزوتنەوەی گۆڕان لە سنورەكە و یەكە ئیدارییەكانیشی خەڵكانی خۆشەویست و دڵسۆزبون و بەوپەڕی تواناوە هەوڵی خزمەتكردنی خەڵكیان داوە و لەگەڵ ئازار و خەم و داواكارییەكانیاندابون و خەڵكی شارەكەش بەوەفابون بۆ دڵسۆزییان، بۆیە ئێستاش دەمانەوێت بە هەمان گڕوتینەوە بەشداربن لەگەڵمان لە هەنگاوەكانی خۆڕێكخستنەوە.
هەروەك ئاماژەی بەوەكردوە كە بزوتنەوەی گۆڕان پرۆژەی نەوشیروان مستەفایە كە رێبەری نیو سەدە لە خەباتی گەلەكەمانە بۆ سەربەخۆیی و گۆڕانكاری و دادی كۆمەڵایەتی، بۆیە بە ئەرکی خۆمانی دەزانین بە شانازییەوە درێژەپێدەر و داكۆكیكاری ئەو پرۆژە و رێبازە بین.