بەهۆی تەقینەوەی کانەخەڵوزێک لە شاری تەبەس لە پارێزگای خۆراسانی باشووری ئێران، لانیکەم 51 کرێکار گیانیانلەدەستدا و 20 کرێکاری دیکەش برینداربوون.
بەڕێوەبەری قەیرانەکانی پارێزگای خۆراسانی باشوور رایگەیاند، تاوەکو ئێستا تەرمی 51 کرێکاریان لەناو کانەکە دەرهێناوە و ژمارەی بریندارانیش لە بەرزبوونەوەدایە، ژمارەیەک کرێکاریش بێسەروشوێنن.
محەمەد عەلی ئاخوندی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی قەیرانەکانی پارێزگای خۆراسانی باشوور رایگەیاند، دوابەدوای رووداوەکە 40 کەس لە تیمەکانی بەرگریی شارستانی و 13 ئەمبوڵانس گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و سەرجەم بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
ئاماژەى بەوەشکردووە، تەقینەوەکە کاتژمێر 21:00ـى شەوی شەممە 21ـی ئەیلوولی 2024 روویداوە، هۆکارەکەشی بەهۆی دزەکردنی گازی میتانەوە بووە لە شوێنی یەکێک لە تونێلەکانی کانەخەڵوزەکە، کە بووەتە هۆی چڕبوونەوەی گازی ناو کانە خەڵوزەکە.
بەڕێوەبەری گشتیی قەیرانەکانی پارێزگای خۆراسانی باشوور باسى لەوەشکردووە، لەکاتی رووداوەکەدا 69 کرێکار لە ناو کانەخەڵوزەکەدا بوون، پێشبینی دەکەن ژمارەی قوربانییەکان بەرزتر ببێتەوە.